TG Telegram Group Link
Channel: ژاڪــــــاو
Back to Bottom
#نەورۆز

نەورۆزە جێژنی میلـلەتە ڕۆژی ڕەهاییە
سەرچاوەی یەڪ گرتنە ڕەمزی تەباییە

ئەو ئاگرەی کە بەرزە لە ڪێوی وڵاتەڪەم
هاوارەڪا ڕەوایـــە بــزاوی خەباتەڪەم

تاوانی کورد چ‌ بوو ڪە به‌ شاڵاوی خەرتەلان
پێشێلی شارەڪانی دەڪەن قاتڵی گەلان

نەورۆزە ڪوردە هەستەوە گرفەی بێ ئاگرت
قوربانی هەیبەتی ڪوڕ و ڪیژی خۆڕاگرت

بەو دەنگە بەرزه بەستەی لالۆ بخوێنەوە
ئاورگی ماد و دەوری دیاڪۆ بژێنەوە

دەوری زوحاڪە ڪاوەیە پێویستە ڕاپەڕێ
هێزی ڪەماڵی لەم وەتەنە و خاڪە دەرپەڕێ

بەو جلڪی ڪوردیە وەڪوو گوڵ خۆ بنوێنەوە
لەو ڪۆڕی شاییە دەمی یەڪڕیزی بێنەوە

#ناسر_ئاغابرا
#ژاڪــــــاو
@nasrakabra
▪️پێنج شەممە ۱۷ی خاڪەلێوە سێهەمین ساڵوەگەڕی ڪۆچی دوایی شاعیری هەست بزوێن و بە توانای کوردستان ناسر ئاغابرا ناسراو بە "ژاڪاو" ▪️
یادی هەرمان و ناوی هەروا دروشاو


دەگـەڵ دەرد و خەمان شەوگار سرەوتم
لـە ژانی دەرد و خـەم تا ڕۆژ نەخـەوتم

لـە مـەیـدانی ژیـان هـەر هـەڵـنـەهـاتـم
بـە پـاڵەستۆی زەمانە قـەت نەڪەوتم

#ناسر_ئاغابرا
#ژاڪاو
@nasrakabra
Forwarded from ژاڪــــــاو
ڪوا شـاعیـری میـلـلی
ڪە خرۆشی لێ بەرز بێ
بۆ مەوتەنی ڪورد پێشڪەشی
ڕۆحی پـێ فـەڕز بـێ

ڪوا هێمنەڪەم شێعری بگاتە
دڵــی گـەردوون
هاوارێ ڪە چوارچێوەی
زوڵـمی پـێ له‌رز بێ

#ناسر_ئاغابرا
#ژاڪـاو
@nasrakabra
Forwarded from اتچ بات
#سێو


ڪاتێ پەری لەسەر تابڵۆ
وێنەی سێوێڪی ڪێشاوە
شەوێ شیعرێڪم بۆ نووسی
حەڪایەتی لارەلاری جووتێڪ سێوی دەگێڕاوە
وێنەی سێوی سەر تابلۆڪە پاڪ ڪراوە
شیعرەڪەم بوو بە گۆرانی
بڵاو بۆوە ، دەنگی داوە
هەموو جارێ لە شایی دا
خۆشخوانەڪان لەبەریەڪیان دەگێڕاوە
ڕەقیبەڪەم لەسەرچۆپی هەڵدەبەزی و
لەگاوانی وەڪوو تەسلیم
هەر دووڪ دەستم بەردەداوە
تازە هەرگیز شیعرم بۆ هیچ ڪەس نەنووسی ، لەمەولەوە.،
ڕۆژ هات و چوو
ئەوەی دەیگوت بەجێت دێڵم
بەجێم هێشت و ئەو هەر لەسەر جێی خۆی ماوە
ڪاتێ ڪوڕمان بوو پێوەی هات
ڪاتێ ڪچیشمان دا بەشوو
وەڪوو ڪچانی گەڕەڪێ لێم گێڕاوە
پەری هاتوو ئەسرینەڪان ڕێژنەیان ڪرد
لەهەر لاوە
پەری هاتوو خەمەڪانی هەڵەسوونەیان هێناوە
بەدڵ ئازادم ڪرد بەڵڪو نەخشەی لێ بێ
بەدڵ ئازادم ڪرد بەڵڪو چارەنووسی
جێ‌بەجێ بێ
ڪاتی ڕۆیی هەموو گوتیان
ئەو ڪچۆڵە چل بەهارە
دەبێ شازادەڪەی ڪێ بێ

#ناسر_ئاغابرا
#ژاڪــــــاو

https://hottg.com/nasrakabra
ژاڪــــــاو pinned «‍ #سێو ڪاتێ پەری لەسەر تابڵۆ وێنەی سێوێڪی ڪێشاوە شەوێ شیعرێڪم بۆ نووسی حەڪایەتی لارەلاری جووتێڪ سێوی دەگێڕاوە وێنەی سێوی سەر تابلۆڪە پاڪ ڪراوە شیعرەڪەم بوو بە گۆرانی بڵاو بۆوە ، دەنگی داوە هەموو جارێ لە شایی دا خۆشخوانەڪان لەبەریەڪیان دەگێڕاوە ڕەقیبەڪەم…»
ئەمڕۆ 20ی خەرمانان هاوکاتە لەگەڵ ساڵڕۆژی لەدایکبوونی مامۆستا هەمیشە زیندووی گەلەکەمان مامۆستا ناسری ئاغابرا(ژاکاو) یاد و ناوی هەرمان و ڕێگایان پڕ ڕێبوار.

#پێشکێش_بە_ڕوحی_پیرۆزی_مامۆستا_ناسری_ئاغابرا(ژاکاو)

نەما ڕەنگی بزە و شادی کە تۆ لەم شارە بارت کرد
هەڵۆ بووی ئاسمان جێت بوو، لەبەروەی تەرکی شارت کرد

دەبێ قەندیل لە دووی کۆچت بەرۆکی ئاسمان بگرێ
بە کۆچی پڕ لە ئازارت ئەتۆ بووی بێ تەوارت کرد

لە چاوەجوانەکەی کانی بەجێی ئاو خوێنی سوور دەڕژێ
بەجێی قاقا و بزە و شادی بەجارێ لێوبەبارت کرد

ئەوین بێکەسترین واتا لە کۆڕ و بەزمی یاران بوو
بەهەست و سۆزی بێوێنەت هەتایی ماندگارت کرد

بە حەسرەت بووی بەچاوانت ببینی جوانیی کوردستان
بەڵام جوانیت بەچاوی دڵ تەواو تێکەڵ وتارت کرد

سەفەر داخی لەنێو ماڵی دڵی دۆست و هەڤاڵت خست
چ غەدرێ بوو کە بەو کۆچەت لە خەڵکی کوردەوارت کرد؟


چ زوو هات پاییزی عومرت گوڵی "ژاکاو"ی کوردستان؟
لە ناخی پاییزی ژینا چەنێ تاسەی بەهارت کرد؟


#سپاس_و_پێزانین_بۆ_مامۆستای_خۆشەویست
#کاوەداشبەندی

@kaveh_dashbandi
@nasrakabra
Forwarded from ژاڪــــــاو
#گڕڪان

ڪڵی تەندووری گەرم ڕۆژاوا
ڕەگ و بـەندی جگەرم ڕۆژاوا

هـەڕەتـم نیە بگـەمە هـاوارت
گـڵ و خۆڵت وەسەرم ڕۆژاوا

وەرە شادم ڪە بەقەد کۆبانی
نەڪەوی تاجی سەرم ڕۆژاوا

#ناسر_ئاغابرا
#ژاڪــاو
@nasrakabra
#سووڪەڵە_ڪۆچ

بریا لەشم بەقەد لەشی پەپوولە با
چڪۆڵە با
شەموولە با
دەچوومە نێو گەڵایێڪ و دەڕۆیشتم
بە سواری ئاوی جۆگەلان
له ڕێگە دا پەلەم دەڪرد
بە هەڵبەزە و بە هەمزەلان
هەتا دەگەیمە باخە دوور دوورەڪان
لە ڕێگە دا حەڪایەتی دڵم دەڪوت
بۆ ماسیە زەرد و سوورەڪان
چ‌خۆشە گەر خەمت دەڪیتە بوخچەیێڪ و زیز دەبی
لە دۆست و یار و مام و خاڵ و پوورەڪان
پەشێو نەبی ڪە ڕازی دڵ دەگاتە گوێی غروورەڪان
ڕەها دبێ لە پاسەوان و تێڵ دڕووی سنوورەڪان
بریا لەشم بەقەد لەشی پەپوولە با
دڵی پڕم بەقەد دەنڪی بەڕوولە با

#ناسر_ئاغابرا
#ژاڪــــاو
@nasrakabra
لە ئیقباڵی ڕەش و بێ نووری کوردان
پـڕی فێڵ و دەهۆ بوو خێڵی مەردان

خـوداش ئارامی ناوێ بۆ گـەلی مـن
لـە سەرمـان حـازرە شـاڵاوی دەردان

#ناسر_ئاغابرا
#ژاڪـــاو
@nasrakabra
بـەهار هـات و ڪەژاوەی گـوڵ بەڕێوە
بەسەر چوو سەردەمی تۆف و ڪڕێوە

لـە ئـازاری زەمـان دوور بـیـن خـودایە
ڕەهامان کەی لە دەست ئەو چوکە دێوە

#ناسر_ئاغابرا
#ژاڪــــاو
@nasrakabra
Forwarded from ژاڪــــــاو
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
#بۆ_کۆچی_شاعیری_گەورەی_کورد_ناسر_ئاغابراژاکاو
هۆنراوەی: سەیید نووح عینایەتی ناسراو به "نەبەز"
بەدەنگی:خاتووئاسۆ_سلەیمان_نژاد
دەرهێنەر:حسەین فاتمی

@nasrakabra
Forwarded from ژاڪــــــاو
#بەهار_هات

بـەهــار هـات و هــێـنـای بـۆنی شلـێران
بـەفــراوی هـەڵـڕشت لـە ئـاوهـەڵـدێران

بێری پۆل پۆل بوون لە مێرگۆڵەی جوان
گوێیان شل ڪردووە بۆ شمشاڵی شوان

ڪـانـیـلـەی پــڕ ئــاو لـە بـنـاری ڪێـوی
خوڕ خوڕ دێنە خوار وەک لێزگەی زەوی

قـاسپـەی ڪەوباڕان لـە مـاە و زەردان
بـــەهــاریـان ڪـردە دەرمــانی دەردان

هـەواران ڕەنـگـین لـەسـای ڕەشـمـاڵان
گــەزیـــزان پـــاراو لـــە ئــاوی نــواڵان

گـرمـەی مـەشڪۆڵەی ڪـابـانی خێڵان
ڪێو بە ڪێـو دەڕوا ڪاتی بوو لێڵان

دارســتـان ســەوز و شـڪـۆفـە بـاران
خــۆ دەلــەنـگــێـنن لـە دەم ڕووبــاران

لەسەر هەر خەڵفێک مەلێک دەخوێنێ
شـنـەی بـای نــەورۆز ڕایــان دەژێـنـێ


#ناسر_ئاغابرا
#ژاڪــــاو
@nasrakabra
Forwarded from عکس نگار
#شین‌گێڕی_هێمن

لە وڵاتی منی دڵ پڕ لە کڵۆ
لە مەکانی چڕی هێلانە هەڵۆ
لە دیار و مڵک و سامانی کورد
لە بناری کەژ و کوێستانی کورد
لەسەر ئەو خاکە کە هەر تۆزێکی
تاجی شانازیە بۆ هۆزێکی
تاقە دارێک بوو بە ئەندام و بڵند
لە دژی بەفر و شەماڵ خۆگر و تووند
نەلەبر بەفری قورس دادە کەوت
نە زەوی لەرزە ئەوی پێ دەکەوت
سێبەری زۆر و بەری سەد هێندە
مەلی خۆشخوان لەسەری سەد هێندە
شەنگە دارم عەجەبی هەڵدابوو
ڕیشەکانی لە دڵی گەل دابوو
هەر گەڵای لاپەڕە ڕووداوێک بوو
هەر لقەی پێنووسی دەست لاوێک بوو
سێبەری بۆنی حەیاتی لێ دەهات
گوڵەکەی بۆنی نەجاتی لێ دەهات
فەلەکی زۆر بە چەپی و خواری دی
نۆبەتی و عارەقی ڕۆژگاری دی
گەلی چارگاشە گلێرەی گەردوون
بە هورووژم دەلق و پۆی بەر بوون
بەتەقەی ڕاوچی مەلی دەور و بەر
هەموو هەڵدەفڕی بەرەو دەشت و دەر
گەلی جار حارسی یاسای جەنگەڵ
جیرە خۆرانی شەهەنشای گەندەڵ
بەلەشی هەڵچوون و ئازایان دا
بە تەوەرداس پەلەماریان دا
دەستی بێ ڕەحمی زەمان زۆری لەقاند
هەورە ڕەش زۆری بەسەردا دەتەقاند
چوونکە ڕیشەی لە دڵان دا مابوو
قورس و قایم وەکوو کێو وێستابوو
تاقە دار پیر بوو بەڵام شۆخ و شەنگ
لق و پۆی پڕ لە گوڵی ڕەنگاڕەنگ
دوو گوڵی تاریک و ڕوون و ناڵە
تەمەنی پشکوتنیان چەند ساڵە
سیس نەبوون چونکە لە داری هیوان
ئاڵوگۆڕ نایەتە سەر ڕەنگی وان
گوڵی زۆرن کەلەسەر دەستانن
ڕەنگ و بۆنی مەجلیسی دۆستانن
پاشەڕۆکی گوڵەکەی هێند جوانە
لە کڕین نایە ئەوەندە گرانە !
ڕۆژێ ڕێبوار بووم و ڕێگەم دەبڕی
عارەقی گەردن و گۆنام دەسڕی
شەکەت و ماندوو بەدەم ڕێگاوە
دڵ بەدەست کۆنە خەمان دەکولاوە
لە نەکاو دیتم کە خەڵکی شاری
کورتەلیان پێیە بە شین و زاری
گوتم ئەو کۆمەڵە ناشاده چییە؟
ئەو هەموو ناڵە و فەریادە چیە؟
دەڵێی ئەو هەورە دڵ و چاوی پڕە
چیە ئەو خەڵکە هەموو شان بەقوڕە؟
کە لەپڕ بەندی دڵ و پێم لەرزی
بەڵێ ناسیم بە چلووکی بەرزی
تفی چەرخی کەچی ڕژگارم کرد
دامەڕان و سەر و هاوارم کرد
ماڵی وێرانم ئەوە دارەکەمە
لەسەر شانی شەکەتی شارەکەمە
مانگی نیسانە کە پاییزە لە من
پێکەنین دوورە لەگەل ، زیزە لە من
مایەی شیوەنی هەستم کێ بوو
کێیە نازانە مەبەستم کێ بوو
شەنگەداری مە هەمان هێمن بوو
کە له پاییزی تەمەن دا ون بوو
سروەیی ئەو دارەیە ئێستاش هەر دێ
بەشنەی ئەو گوڵی هیوا دەردێ
هێمن ڕۆیی وەلی تو خوا دۆستان
هێمنێک هەر هەبێ بۆ کوردستان

#ناسر_ئاغابرا
#ژاڪــــاو
                              بانەمەڕی ۱۳٦٤
@nasrakabra
ژاڪــــــاو pinned «‍ ‍ ‍ #شین‌گێڕی_هێمن لە وڵاتی منی دڵ پڕ لە کڵۆ لە مەکانی چڕی هێلانە هەڵۆ لە دیار و مڵک و سامانی کورد لە بناری کەژ و کوێستانی کورد لەسەر ئەو خاکە کە هەر تۆزێکی تاجی شانازیە بۆ هۆزێکی تاقە دارێک بوو بە ئەندام و بڵند لە دژی بەفر و شەماڵ خۆگر و تووند نەلەبر…»
HTML Embed Code:
2024/04/29 10:14:37
Back to Top